له‌مانگنامه‌ی پێگه‌ی ژماره 64 ی ڕۆژی 10ی10ی2006 لاپه‌ره 5 دا، بابه‌تێک به‌ناونیشانی: مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی یان مه‌ریوانی ته‌زویر چیی..؟ بڵاوکراوه‌ته‌وه. دوو که‌س به‌ناوی ته‌نیا نوری و دڵشاد قه‌ره‌داغی وه‌ک له‌ناونیشانه‌که‌یدا دیاره به‌به‌ڵگه‌وه هه‌ڵساون به‌ئاشکراکردنی چه‌ند کارێک شاراوه‌ی خاوه‌ن په‌رتووکی جه‌نجاڵئامێزی سێكس و شه‌رع و ژن له مێژووى ئيسلام‌دا.
تا ئه‌وه جێگه‌یه‌ی به مه‌ریوان ده‌گه‌ڕێته‌وه ورده‌کاری ئه‌و مه‌سه‌له وروژێنراوه، که‌م تا زۆر مافم نییه به‌شداری بکه‌م و خودی نووسه‌ر خاوه‌ن قه‌له‌مێکی به‌بڕشته و ده‌توانێت وردتر وه‌ڵام بداته‌وه.هێنده‌ی بزانم کورته وه‌ڵامێکی له‌ماڵپه‌ڕی کوردستاننویز http://www.knewsdaily.net/knews بڵاوکردۆته‌وه.
له‌یه‌ک خاڵدا بۆم هه‌یه له‌و کێشه‌یه‌دا بپه‌یڤم و داوه‌ری بکه‌م له‌سه‌ری ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئاشکراکردنی ئه‌و نهێنی که‌سایه‌تییه‌کی به‌نێووده‌نگی وه‌ک هێژا مه‌ریوان له‌خزمه‌تی کێدایه؟ به‌تایبه‌تی ئه‌وێک به‌پله‌ی یه‌که‌م بزافی ئیسلامی سیاسی به‌هه‌موو ته‌وژمه‌کانییه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و په‌رتووکه‌ی ده‌ریکرد و جه‌نجاڵێکی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دواخۆیدا هێناو و بووه ما‌یه‌ی ئاواره‌بوونی نووسه‌ر، ئیتر ئه‌و دوو نووسه‌ره و ته‌نانه‌ت خودی مانگنامه‌ی پێگه خۆشیان بوێت و ترشیان بووێت وه‌ک له‌خیتابی نووسینه‌که‌دا دیاره عیلمانیش بن کاره‌که‌یان ده‌چێته گیرفانی بزافی ئاماژه بۆکراوه‌وه. گه‌ر وایش نه‌بێت ده‌کرێت به‌جۆرێکی دی بخوێنرێته‌وه به‌داخه‌وه به‌رتیل و خۆنزیککردنه‌وه‌یه‌که ئیتر به‌ئامانجی جیاواز ئاشکرا و نهێنی له‌بزافی ناوبراو! له‌وانه‌یه‌شه بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تێکی وا گه‌ر ناوی لێبنرێت سه‌بقی رۆژنامه‌وانی، به‌خاتری ئه‌وه بێت، بڵاوکراوه‌که ببێته جێی سه‌رنجی خه‌ڵکی و به‌و هۆیه‌شه‌وه باشتر بناسرێت و ژماره‌یه‌کی باشی له‌ئێستا و داهاتوودا لێ بفرۆشرێت.
گرێنتی له‌سه‌ر مرۆڤه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ناکرێت، به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ی نیشته‌جێێ ئه‌وێن، به‌ڕێژه‌یه‌کی که‌م نه‌بێت ئه‌گینا سه‌رجه‌م نوقمی گێژاوێکی پڕ مه‌ترسیداری وا بوون، کاری وایان لێده‌وه‌شێته‌وه موچوڕکه به‌سه‌رتاپای له‌شدا ده‌هێنێت، بۆیه زۆر ئاساییه له‌پێناو هه‌ڵه‌یه‌کی بچووکدا تاوانێکی گه‌وره‌ت له‌به‌رامبه‌ردا بکه‌ن.
ئه‌و دوو ڕۆژنامه‌نووسه، به‌ر له‌چوونه نێو باسه‌که‌یانه‌وه پێشه‌کییه‌کیان نووسیوه، جێی سه‌رسووڕمانه ئه‌وانه ڕووی ده‌میان له‌کێیه؟ وا خۆ پیشان ده‌ده‌ن که له‌ئێمه‌مانان سکۆلارترن بۆیه ده‌فه‌رموون:(...کۆمه‌ڵگای کوردی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی،
خاوه‌نی عه‌قلیه‌ت و که‌لتورێکی خێڵه‌کی و ئاینییه...) ئه‌مه‌یان بۆیه ده‌ربڕیوه تا بیانوویه‌ک بده‌ن به‌خۆیان و ئێمه‌مانانیش بخه‌نه نێو بازنه‌ی دیوه‌خانی خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه! گوایه به‌تاڵین ، حازرخۆری به‌رسێبه‌رین خۆماندوو ناکه‌ین تا داهێنان بده‌ین به‌ده‌سته‌وه و له‌سه‌ر پاشه‌رۆکی خه‌ڵکی دی ده‌ژین: (...باری ڕۆشنبیری لاواز بووه و هه‌میشه خاوه‌نی ڕۆشنبیریه‌کی پاشکۆ بووه و خۆی نه‌یتوانیوه تێکست به‌رهه‌م بهێنێت...) ئه‌م په‌یڤانه زۆره بۆ قه‌باره‌یان له‌ده‌ربڕینه‌کانی ڕۆشنبیرێکی وه‌ک به‌ختیار عه‌لی ده‌چێت، بۆ سه‌ره‌کۆنه‌ی ئێمه تووتیئاسا هێنراوه‌ته‌وه!!
هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستن جامی تووڕه‌ییان زیاتر به‌سه‌رماندا داده‌بارێنن ده‌ڵێن: (...که‌ڵکه‌ڵه‌ی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان بکه‌ن و بۆ ئه‌و کاره‌ش سڵیان له‌هیچ شتێک نه‌کردۆته‌وه و هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌سه‌ر په‌تێک یاریان کردووه و مافی خه‌ڵکی تیان پێشێل کردووه...) ئاخر خواتان بێت کام به‌رژه‌وه‌ندی و کام په‌تپه‌تێن و کام مافی خه‌ڵک؟
ئاخر خۆ که‌سێکی وه‌ک من تا له‌کوردستان ده‌ژیام، خاوه‌ن زۆر شت بووم ، له‌وه‌تی هاتوومه‌ته ده‌ره‌وه یان ڕاستتر ڕاویان نام، کرێچیم و تا ڕۆژێ کار ده‌ست ده‌که‌وێت دوو ڕۆژ بێکارم. له‌سه‌ر یه‌ک په‌تیش بازیم کردووه، وه‌ستی ئه‌ده‌بی کوردستان به‌تایبه‌تی باژێڕی سله‌یمانی له‌کۆتایی ساڵانی 1991 تا 1996 باش ده‌زانن چی بووم و چی نه‌بووم و شاهیدحالن. ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌ک وه‌ک هاوڵاتی و خاوه‌ن پێنووسێک به‌هه‌وڵ و ته‌قه‌لای خۆم ناوێکم پچڕیوه و له‌سه‌ر حساب و مافی که‌سی تر نه‌بووه و نییه.
دوای ئه‌وه به‌خۆیانه‌وه ڕاناوه‌ستن هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ڕۆشنبیرانمان لێهانبده‌ن: (....ڕۆشنبیان و نووسه‌رانی ئێمه خۆیان دووره په‌رێز گرتووه له‌قسه‌کردن، له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه و ده‌رخستنی ماهییه‌تیان....) دواتر زیاتر ده‌یترشێنن به (..گورنه‌ته‌ڵه...) و درێژکراوه‌ی نووسه‌رانی به‌عس ده‌مانشوبهێنن! بوختانێکی گه‌وره‌یش ده‌که‌ن وه‌ک ئۆپۆزسیۆنی چه‌پ و ئیسلامی ڕادیکاڵ ده‌په‌یڤن؛ گوایه ده‌سه‌ڵاتی کوردی پشتوپه‌نمان بووه! له‌بێخه‌به‌ران که‌شکه‌ک سڵاوات!
ئه‌وسا وه‌ک ڕۆژنامه‌نيسێکی چه‌پ و ڕادیکاڵ نه‌ک دژی ته‌وژمی ئیسلامی به‌ڵکوو دژی ده‌سه‌ڵاتیش بووم، له‌و پێناوه‌دا بۆ ماوه‌ی 12 ڕۆژ له‌ئاسایشی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان زیندانی کرام. پارادۆکسه‌که له‌وه‌دایه بۆ مێژوو، جارێکی دی زۆر به‌کورتی ئاشکرای ده‌که‌مه‌وه؛ چه‌ند ئه‌فرادێکی ئیسلامییه‌کان به‌هاوکاری چه‌ند ئه‌فرادێکی یه‌کێتی، به‌هاندانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی کوردستان ویستیان تیرۆرم بکه‌ن، به‌ر له‌ئه‌نجامدانی کاره‌که ده‌زگا زانیاری به‌هۆی مه‌ڵبه‌ندی سله‌یمانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه ئاگاداریان کردمه‌وه و له‌چه‌قۆی تیرۆر ڕزگارم بوو.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجم بوو له‌په‌ره‌گرافی چوارهه‌م به‌ده‌قیقی له‌ستونی یه‌که‌م دا، که‌وانه‌یه‌کیان بۆ به‌نده کردۆته‌وه، منیشیان گلاندۆته نێو کێشه‌که‌وه به‌م شێوه‌یه: (... ئه‌م ڕه‌وته، به‌عه‌باس شوان ده‌ستی پێ‌کرد و دوایی هاته سه‌ر کازیوه سالح....دواین هه‌نگاویش مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی بوو...)
هه‌رچۆن به‌راوردی له‌نێوان من و کازیوه و مه‌ریوان بکرێت وه‌ک هه‌لومه‌رج و سه‌رده‌م و کێشه‌کانمان یه‌کناگرینه‌وه و جیاوازین، مه‌گه‌ر له‌دوو خاڵدا وه‌ک یه‌کبین، ئه‌وه‌ی پێکه‌وه گرێی داوین و کۆیکردووینه‌ته‌وه هزری ئه‌نتی ته‌وژمی ئیسلامی سیاسی بووه. هه‌روه‌ها ئه‌وه ته‌وژمی ئیسلامی سیاسییه ئێمه‌ی له‌زێدی خۆمان ڕاوناوه‌ته ده‌ره‌وه، نه‌ک شتێکی تر.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، خۆم به‌فریشته نازانم، ئاره‌زووی فریشته بوونیش ناکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نالۆجیکییه و له‌گه‌ڵ سه‌وزی ژیان نایه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌کرێت له‌فڵان و فیسار په‌ره‌گرافدا، من وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی ئاسایی کارم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆم کردبێت، له‌و کاته‌دا ده‌رکم پێنه‌کردبێت و چاوپۆشیم لێکردبێت ،یان به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست بوو بێت، ئیتر ئه‌وه سروشتی مرۆڤه، دروستکردنی یۆتۆبا و جیهانێکی بێعه‌یب و عار درۆیه‌کی گه‌وره‌یه به‌ڵام به‌لای مرۆڤی مۆدێرنه‌وه گرنگ ئه‌وه‌یه ڕێژه‌ی که‌موکوڕییه‌کان که‌متر بێت. خۆشبه‌ختانه هاتنه‌ده‌ره‌وه‌م ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ره‌خساندم و به‌فرسه‌خ دووری خستمه‌وه له‌ناشیرینی، گه‌نده‌ڵی نه‌خوازراو داسه‌پێنراو ڕێژه‌ی پاکێتیمی به‌رز کرده‌وه، بۆیه سوپاس گوزاری هه‌موو ئه‌وانه‌م دوورونزیک گه‌یاندمیانه ئه‌م ئاسته، هه‌روه‌ها به‌قوربانی هزری خۆم بم. 061105